زایه‌ڵه‌ی ده‌نگده‌ران له‌ ئه‌مریكا ده‌بیسترێ

Share

15-08-1389

شه‌ریف بێهروز
ده‌وترێ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی نێوانخولی ئه‌مریكا هه‌ڵسه‌نگاندنێكی سه‌رپێیه‌ له‌ سه‌ر كارنامه‌ی سه‌رۆك كۆمار و حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ی حیزبی حاكم و بردنه‌وه‌ی سه‌رۆككۆماری له‌ خوڵی دووهه‌م دا ده‌رده‌خات. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ پێوانه‌ بێت له‌وانه‌یه‌ كه‌ دێموكراته‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئوباما یان بێ ئه‌و، ئه‌و شانسه‌یان نه‌بێت دووباره‌ بچنه‌ كۆشكی سپی و ئه‌وه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ دوو ساڵ له‌وه‌پێش هه‌مان لافاو له‌ ئه‌مریكا هه‌م كۆشكی سپی بۆ دێموكراته‌كان مسۆگه‌ر كرد و هه‌میش هه‌ر دوو به‌شی كۆنگرێسی به‌ ته‌واوی بۆ دێموكراته‌كان قۆرخ كرد.
رۆژی ٢ی نوامبری ٢٠١٠، هه‌ڵبژاردنه‌كانی نیوانخولی ئه‌مریكا گشت ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و به‌شێك له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌مریكا واته‌ سێنای ئه‌مریكا و به‌شێكی به‌رچاو له‌ فه‌رماندارییه‌كانی خسته‌ به‌ر كێبه‌ركێه‌ی دێموكرات و كۆماریخوازه‌كان.
له‌و راپرسییانه‌ی كه‌ پێش هه‌ڵبژاردن كرابوون مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا كه‌ كۆماریخوازه‌كان له‌ هه‌موو به‌شه‌كان براوه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ بن و گومانی ئه‌وه‌ ده‌كرا نه‌ته‌نیا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ڵكوو له‌وانه‌یه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵاش كۆماریخوازه‌كان زۆرینه‌ وه‌ده‌ست بێنن. دیاره‌ به‌شێكی هه‌ره‌ زۆری فه‌رماندارییه‌كان وه‌ده‌ست كۆماریخوازه‌كان كه‌وتن و له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا زۆرینه‌یان ده‌سته‌به‌ر كرد و له‌ سێناش له‌ بردنه‌وه‌ی نزیك بوون به‌ڵام به‌ كه‌مینه‌یه‌كی به‌هێز به‌سه‌نده‌یان كرد.
له‌ ده‌ركه‌وتنی ئاكامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا خاڵی جێگای سرنج – كه‌ باسی ئێمه‌ نیه‌ – ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆچی له‌ ماوه‌یه‌كی ئاوه‌ كورتدا دێموكراته‌كان ئه‌و گه‌رم‌و گوڕییه‌ی به‌ ده‌نگده‌رانیان دابوو له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا به‌دی نه‌ده‌كرا و تووشی ئه‌م شكسته‌ مێژووییه‌ بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ گشت لایه‌ك جێگای سه‌رسووڕمان نه‌بوو و روون بوو، ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاشی له‌ گه‌ڵ بێ، ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا له‌وپه‌ڕی كه‌ش و هه‌وای ئازادادا به‌ڕێوه‌ ده‌چن و گشت لایه‌ك بڕوایان به‌ راسته‌قینه‌بوونی پرۆسه‌ی دێموكراسی له‌م وڵاته‌دا هه‌یه‌ و بێ یه‌ك و دوو هه‌موو لایه‌نه‌كان، ده‌سه‌ڵاتدارانیشی له‌ گه‌ڵ بێ، ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك خۆی وه‌رده‌گرن و گۆرایه‌ڵی ده‌بن.
ئه‌و له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دیكتاتۆرلیدراوی وه‌ك ئێران كه‌ ژێستی دێموكراسی ده‌ردێنن – به‌داخه‌وه‌ هێندێك جار بۆیان سه‌ریش ده‌گرێ – به‌ڵام خه‌ڵك هیچ بڕوایه‌كیان به‌ پرۆسه‌ی درۆیینی هه‌ڵبژاردن له‌م وڵاته‌دا نیه‌ و له‌ سه‌ره‌تای دابێژتنه‌كان را بگره‌ تا ژماردن و ریزكردنی ده‌نگه‌كان، ده‌زانن گاڵته‌ به‌ ده‌نگ و مافیان ده‌كرێ.
دیاره‌ دێموكراسی و وڵاتی دێموكرات هێندێك پێوانه‌ی ناسراو و تایبه‌تیی هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ و بێ لایه‌نانه‌ له‌ سیستمی سیاسیی ئێران له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی رێژیمی ئاخووندیدا بكرێ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئێران مه‌ودایه‌كی زۆری له‌ گه‌ڵ ئه‌م پێوانانه‌ی دێموكراسی هه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌كیترینیان نه‌بوونی مه‌ودا بۆ ده‌ربرینی رای ئازاده‌.
مێدیای ئازاد وه‌ك ستوونی چواره‌می وڵاتێكی دێموكرات رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ وڵاتێكدا هه‌یه‌. له‌ ئه‌مریكا مێدیای به‌توانا و سه‌ربه‌خۆ رۆڵی ئه‌ساسی و سه‌ره‌كییان هه‌یه‌ له‌ خستنه‌ڕووی كێشه‌كان و لایه‌نه‌كان و باس و لێدوان و روونكردنه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان و ده‌نگده‌ران. له‌ ئه‌مریكا به‌ سه‌دان كاناڵی ناوچه‌یی و سه‌رتاسه‌ری هه‌ن كه‌ هه‌ر یه‌ك به‌ شێوه‌ی ئازاد و به‌ بێ سانسۆر بیر و هزری خه‌ڵك له‌ مه‌ر بژارده‌كانیان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌ ئێراندا خه‌ڵك ته‌نیا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ رووخساری راسته‌قینه‌ی ده‌سته‌چیه‌له‌كان و پرسه‌كانی وڵات ته‌نیا له‌ زمانی خودی مێدیاكانی ده‌سه‌ڵات ببیسن و ببینن و مێدیای ئازاد له‌ ئێراندا نه‌ ته‌نیا ده‌رفه‌تی هه‌ناسه‌كێشانی نیه‌ به‌ڵكوو بیری ئازادیش له‌ نوتفه‌دا ده‌خنكێندرێ.
به‌ڵام له‌ هه‌مووی گرینگتر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی ئه‌مریكادا گوێگری ده‌سه‌ڵات له‌ راو بۆچوونی خه‌ڵكه‌ له‌ سه‌ر ره‌وڕه‌وی سیاسه‌تی ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی ئیداره‌ی ئوبامایه‌ له‌ هه‌مبه‌ر هاتنه‌ئارای هێندێك سیاسه‌تی نوێی نێوخۆی و ده‌ره‌وه‌ له‌ دوو ساڵی رابردوودا سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیی به‌رچاوی كۆماریخوازه‌كان – به‌ بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ كه‌ گه‌لۆ ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌ باش بوون یان خراپ، به‌ قازانجی هاووڵاتیان بوون یان نا كه‌ ئه‌وه‌ باسێكی تره‌ – كه‌ ئه‌و ئاكامه‌ی لێكه‌وت كه‌ دێموكراته‌كان له‌ رۆژی سێ شه‌ممه‌دا تووشی بوون. رۆژی داوای ده‌ركه‌وتنی ئاكامه‌كان باراك ئومابا وتی كه‌ گوێی له‌ ده‌نگی خه‌ڵك بووه‌ و له‌ هه‌وڵی به‌یه‌كه‌وه‌كاركردن له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو لایه‌ن ده‌بێ. ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی كۆنگرێسی ئێستا كه‌ له‌ دێموكراته‌كان بوو واز له‌ سه‌رۆكایه‌تیی دێموكراته‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا بێنێ.
پاش هاتنی سه‌ر شه‌قامه‌كانی خه‌ڵكی ئێران و دروشمه‌كانیان دژی ده‌سه‌ڵات پاش شانۆگه‌ریی هه‌ڵبژاردن، ده‌سه‌ڵاتدارانی رێژیم له‌ جیاتی گوێگرتن له‌ خه‌ڵك و پێچانه‌وه‌ی بارگه‌وبنه‌یان و ملكه‌چكردن بۆ ویست و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك، خه‌ڵكیان به‌ “خرتوخاك” نێو برد و وتیان كه‌ هه‌رچی به‌ سه‌ر نارازییان بێت “بۆخۆیان به‌رپرسیان” نه‌ك به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستان.
لێره‌دایه‌ كه‌ روخساری راسته‌قینه‌ی دێموكراتیكبوونی سیستمی سیاسی له‌ ئه‌مریكادا و سه‌ڕه‌رۆ بوون و خۆ به‌ خاوه‌نی مڵك و ماڵی خه‌ڵك زانینی رژێمی كۆماری ئاخووندی ده‌رده‌كه‌وێ . ‌

Facebook Comments

comments

« »
Add Comment Register



Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

Connect with Facebook

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>