٨ی مارس و ئاسۆی یەکسانی

٨ی مارس و ئاسۆی یەکسانی
09 Mar
5:11
Share

شەریف بەهرۆز

ئەم بابەتە لە سایتی هەلۆی کوردستان بڵاو بۆتەوە

فرە دژوارە ئێش و ئازار و نەهامەتییەکانی نیوەی کۆمەڵگا لە چەند دێڕێک و لە یەک رۆژدا بەیان کەی.  ئەوە پێویستی بە میزێک کتێب و دەیان ساڵ و بگرە کتێبخانەیەک و سەدان ساڵ هەیە کە هەم ئەمwomen's_day نیوەی کۆمەڵگا خۆی و مافەکانی  باشتر بناسێ و هەمیش نیوەکەی تر هەست بەو زوڵم و زۆرییە بکات کە دەرحەق بە لەتەکەی تری لەشی بە درێژایی مێژوو کردوویەتی.

وەک نەریتی هەمیشەیی و وەک زۆر بۆنەی تر بە تەما بووم پیرۆزباییەکی ساویلکە لە سەر فەیس بووکەکەم دابنێم و وەک ئەرکێکیش لە سەر شانی خۆمی لابەرم و ئەو نیوەیەی کە بەردەوام لە لایەن نیوەکەی منەوە زوڵمی لێکراوە وابیر نەکاتەوە کە من ئەو رۆژەم بۆ گرینگ نییە و پشت گۆیمی دەخەم.

ئەو جارە هەرچی بیرم دەکردەوە شتێکی جیاواز لە جاران و لە ساڵان لەم رۆژەدا بڵێم کە بە نۆرەی خۆم رێزم لەم رۆژە و لە نیوەکەی تری لەشم گرتبێ نەمدەزانی لە کوێ را و لە سەر کامەیان بنووسم.

لە لایەکی ترەوە، وەک کەسێک کە ئیتر کوردستان تەنیا مەوتەنی من و نەهامەتییەکانی تەنیا دەردی من نین بیرم کردەوە کە باشترە شتێکی گشت گیر و هەمەلایەنە بنووسم، بەڵام دووری دەیان ساڵە و سەدان هەزار گەزی لە نیشتمان زیاتر ئۆگری بۆ ئەم خاک و خەڵکە لای من دروست کردووە کە هانی دام لە سەر پرسێک بنووسم کە ژنانی کورد پێیوە دەناڵێن بەڵام زۆربەی ژنانی جیهان بە تایبەتی ژنانی ناوچەی ئێمە بە چەنگ هەمان دەرد و خەفەتەوە ئەمڕۆ گرفتارن.

بیرم کردەوە لە ناحەزترین دیاردەڕا دەست پێبکەم کە بەرۆکی ژنان و بنەماڵەکانی ئێمە و کۆمەڵی کوردەواری گرتۆتەوە کە خۆکوشتن و ژنکوشتن و خۆلەبەین بردنی ژنانە، بەڵام ساکار نەبوو.  یەکەم ئەوە کە ئەم رۆژە دەبێ رۆژی شادی و خۆشی بی، دەبێ رۆژێک بی کە رێز لە زەحمەت و تێکۆشانی ژنان بگیردرێ کەوابوو باشترە باسی شتی ناخۆش نەکرێ.  پاشان زیاتر بیرم کردەوە کە ناکرێ بە گوێنەدان بەم هەمووە دیاردە ناحەزانە کە بە دژ ژن لە ئارادایە دەسرێ هەڵگرم و شایی بکەم.  بەڵام لێرەش تازە پرسیاری ترم بۆ دروست بوو کە چۆن دەکرێ بەڕەورووی ئەم گرێپووچکە کۆمەڵاتییە و ئەم دیاردە دڵتەزین و ئەو هەمۆ دیاردە ناحەزانەی تر بمەوە.  ئەو ژنە کە بۆ قوتار بوون لە زوڵم و چەوسانەوە خۆدەداتە دەستی مەرگ و نەمان و نەمانی خۆی تەنیا رێگای رزگاری لە ستمەکەی دەبینێ چی پێ دەڵەی و چی لە گەڵ دەکەی.  یا خود ئەو ژنەی کە پەنا بۆخۆسوتاندن دەبات، چۆن ئامۆژگاری بکەین “نا” بۆ خۆلەناوبردن بڵات.  دڵنیام ئەوان لە من و تۆ زۆر باشتر خوێندنەوەی دۆخی خۆیان و دەورووبەریان کردووە کە مخابن ئەمەیان کردۆتە دوایین و تەنیا بژاردەی ئەستاندنی گیانی خۆیان.

ئامارەکانی ئەم رۆژانەی کوژرانی ژنانم لە بەشی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەخوێندەوە، خۆکوژی بەشیکی ئەم دیاردە ناحەزەیە، بەشەکەی تری کوژرانی و بێسەرووشوێن بوونی ژنانە، جنایەتێک کە بەشی هەرەبەرچاوی لە لایەن پیاوانەوە بە دژی ژنان بە هۆی ژنبوونیان دەکرێ و من و ئێمە نێرینەکان وڵامدەرین بە نیسبەت ئەم زوڵم و ناحەقە گەورەییە.

مرۆڤ نازانێ قامک بۆ کامە سەرچاوەی ئەم هەلسووکەوتە دواکەوتووانە درێژ بکات:  بۆ ئەوانەی ژن بە مڵک و ماڵ و نامووسی خۆیان دەزانن و یا باشتر بڵێن کە کۆمەڵگا ئەم جۆرە بیرەی لە مێشکدا پەروەردە کردوون و کردوویەتی بە کەلتوور و هەر شتێکی بەسەر ماڵ و مڵکی خۆی بێنن بە رەوا و مافی خۆیانی بزانن.  یان نەخێر بۆ ئەم بیرە ئایننیە قەتیز خواردووە بگەرێنینەوە کە رۆژانە لە سەر مینبەرەکان باس لە “عاقڵ سووکی” ژنان و نابەرابەربوونیان لە گەڵ پیاوان دەکەن و بە کۆڵفەت و کویلە و ئاڵەتی پیاوی دادەنێن و بە ڕای وان سەرپێچی کردن لە “دابووڕسوومە” دەبێ ئەوپەڕی بەڕێزی و توندوتیژی بە نیسبەت بکرێ و مخابن کەم نین لە نێوی کۆمەڵگای کوردستاندا لەوانەی رۆژانە بە بێ باک لە هیچ کەس و دەسەڵاتێک پرۆپەگاندە بۆ ئەم نادادپەروەرییە و توندوتیژییە بە دژی ژن دەکەن.

ئەوەی راستی بی منیش وڵامێکی دروستم لا نییە و نازانم زیاتر قامک لە سەر کامەیان وەک هۆکار دابنێم و بۆ سڕینەوەیان لە کوێ را قۆڵ هەڵماڵین، بەڵام لێرە پێم خۆشە وەک دوایین ووشە لەم رۆژە دیرۆکییە و پیرۆزەدا شتێک بگێڕمەوە کە لەوانەیە چرای رووناکی رێگای پر لە تەنگ و چەڵەمەی خوشکان و دایکانمان بێت. لەم رۆژانەدا بە هۆی هێندێک کارەوە بە سودفە لە گەڵ کەسایەتێکی دەستروویشتوو و سەرکەوتووی پیاوی بە رەچەڵەک جوولەکە و چەند هاوڕێی تر قسەمان دەکرد و باس لە هێندێ پرس کرا کە نۆرە گەیشتە ناوبراو ووتی لە سەر پرۆژەیەک کار دەکات کە پێشنیار دەکات بۆ لابردنی جیاوازی و زوڵم و ستەم بە دژ ژن و بە دژ گشت کۆمەڵگا و نەمانی شەر و هتد… کۆمەڵگایەک بنیات بندرێ کە تەنیا ژنان تێدا هەمەکارە بن و گشت بوارەکانی بڕیاردان بە دەست ژنان بێت، چوون بە گشتی ژن بوونەوەرێکی زاڵم نییە کەواتە ناتوانی زوڵم بە دژی پیاو و لە نێو کۆمەڵگادا رەوا ببینێ.  من بۆ چەند ساتێک حەبەسام و سەڕەڕای هاوڕا بوون لە گەڵییا بیرم لەم خولیایە و لە وەها کۆمەڵگایەک و زۆر شتی تر کردەوە.  بەڵام هەنووکە لە رۆژی هەشتی مارس، رۆژی جیهانی ژناندا بیر لەوە دەکەمەوە کە تۆ بڵیی بۆ لابردنی چەوسانەوە لە سەر ژنان و هاتنە ئارای یەکسانی راستەقینەی نێوان ژن و پیاو لە نێو کۆمەڵگادا  پێویست بەوەها شۆڕشێک و تێکقورمانێکی کۆمەڵایەتی بێت یان خود وەک نێرینە هێنانەئارای ریفورم لە شێوەی هەڵسووکەوتمان، بیرمان، هزرمان و روانگەمان بە نیسبەت ژن و پرسی ژنان بەس بێت کە ببێتە هاتنە ئارای کۆمەڵگایەک کە چی تر ژن بە دەستی پیاو لە بە ژن بوونی نەکوژرێ و ژنان لە بەر ژن بوونیان و رزگاربوونیان لە چەنگ چەوسانەوە و زوڵم و زۆری پیاو و کۆمەڵگای پیاوسالار چی تر کۆتایی بە ژیانی خۆیان نەهێنن؟

رۆژی ٨ی مارس، رۆژی جیهانی ژنان لە هەموو ژنانی جیهان بە تایبەتی ژنانی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی کوردستان پیرۆز بێت.

Facebook Comments

comments

« »
Add Comment Register



Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

Connect with Facebook

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>