کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و چەند سرنجێک

Share

بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی کوردستان سایت، رێکەوتی 2011/12/08

پاش نزیک بە ٨ ساڵ هێڕشێ هیزەکانی هاوپەیمان بۆ سەر عێراق و رووخانی رژێمی بەعس قەرارە هێزەکانی ئەمریکا کە رێبەری ئەم ئوپراسیونە سەربازییە بوون لەم ولاتە بکشێنەوە. هەروەک بڕیار دراوە و سەرۆکی ئەمریکا باراک ئوباما رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی مانگی دێسامبری ئەم ساڵ لە عێراق بە تەواوی دەکشێنەوە و لەم وڵاتە نامێنن. دیارە ئەمە ئەو هێز و پرسێنۆل و گرێبەستگەلی سیڤیل و بەشی کەرتی تایبەت ناگەیەنێ کە لەوانەیە دوای ئەم چوونە دەرەوەش بە دەیان هەزار ئەمریکایی لەم وڵاتە بمێنەوە.

شەڕی عێراق لە روانگەی بیروڕای گشتی و بگرە خەڵکی ئەمریکاش شەرێکی بێ سەمەر بوو و بە پێی بیروڕای نێوخۆی ئەمریکا – بگرە دەرەوەش – ئەو مەبەستەی کە هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە ٤ هەزار کوشتەیان بۆ دا نەیپێکاند. ئەم شەڕە دوای هێڕشی سێپتامبری ١١ بە مەبەستی شەر لە گەڵ تێرۆر هاتە ئاراوە و هەموو ئەو بەڵگە و شاهیدانە بۆ گڕیدانی رژێمی سەدام حوسێن بە تێرۆ بە تایبەتی توندهاژۆی ئیسلامی بە رێبەرایەتی ئەلقاعیدە بێ کەڵک بوون. بەڵام سەڕەڕای ئەوەش و پاش ئەو هەموو زیان و زەرەرە گیانی و ماڵییەی کە وەبەر ئەمریکا کەوت، بیروڕای نێو ئەمریکا تا رادەیەک لە گەڵ کشانەوەی خێرای ئەم هێزانە نەبوون و رایان وابوو کە سەڕەڕای ئەوە کە زۆرینە دژی شەڕی عێراقن بەڵام ئەمریکا نابێت بە سووک و ئاسان ئەم ولاتە چۆل بکات و بۆشایی دەسەلات لەم وڵاتە سەرهەڵبدات. ئەگەرچی زۆربەی خەڵک خوازیاری کۆتایی شەڕ و گەرانەوەی هیزەکانی ئەمریکا لە عێراقن، بەڵام خێرایی ئەم گەراندنەوانە تا رادەیەک چاوەڕواننەکراو بوو کە بەشێکی ئۆباڵی ئیدارەی ئێستا دەزانن کە توانایی واژۆکردنی گرێبەستی نوێی لە گەڵ دەوڵەتی عێراق نەبوو.
پاش تەواو بوونی مۆڵەتی نێونەتەوەیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨، ئیدراەی ئەو کاتی ئەمریکا توانی کاربەدەستانی ئەو کاتی عێراق رازی بکات کە هێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ساڵی ٢٠١١ مۆڵەتی مانەوەیان لە عێراق هەبێ بە شەرتی “مصونیت” یان رووبەڕوو نەبوونەوە لە گەڵ مەحکەمە لە نێو خاکی عێراقدا، و بە گوێرەی سەرچاوەکان هۆی ئەساسی رێکنەکەوتنی ئەمجارەی درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەدانەوەی ئەم شەرتە بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە لایەن کاربەدەستانی ئێستای عێراقەوە بوو کە بەشێکیشی دەگرایەوە سەر نەرم بوونی ئێدراەی ئێستا لە بەراوەرد لە گەڵ ئیدراەی پێشوودا.
دیارە ئەوە بەشی رەواڵەتی و دیاری ئەم رێکنەکەوتنە بوو، بەڵام هۆکاری تریش لە ئارادا بوون کە ئیدارەی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای هاندا کە هەنگاوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق خێراتر بکات.

هەڵبژاردنی ٢٠١٢ی ئەمریکا
سەرۆککۆماری ئێستای ئەمریکا، باراک ئوباما کاتێک کە سناتۆر بوو لە نوتقێکی کە بە دژی شەڕی عێڕاق کردبووی راشکاوانە دژایەتی لە گەڵ هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق کرد و ئەم شەڕەی بە شەڕەێکی هەڵە ناو برد و لە هەڵمەتی بوونی بە سەرۆککۆماریش یەکێک لە خاڵە هەر بەهێزەکانی کە ناوبراوی لەبەرامبەر رەکەبەرەکەی، هیلێری کلینتۆن، براو دەرخست دەنگ نەدان بە شەری عێراق لە سینا بوو و هاوکات بەڵێنی ناوبراو بۆ کشانەوەی بی ئەملاوئەولای هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بوو کە نارازییەکی زۆری لە ئەمریکا بە نیسبەت ئەم شەڕە دروست کردبوو.
شارەزایان باس لەوە دەکەن کە چۆن بەلێنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق – وەک یەکێک لە بەلێنییەکان – ئوبامای لە بەرامبەر رەکیبەکەی خۆی لە نێو دێموکراتەکان و پاشان کۆماریخوازەکان گەیاندە کۆشکی سبی، بە هەمان رادەش جێبەجێ کردنی ئەم بەڵێنیە کاریگەری لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ناوبراو هەیە لە خوولی دووهەمی بوونەوەی بە سەرۆککۆماردا.
دیارە هەر لایەنی بەجێگەیاندنی بەلێنی گرینگ نییە بەڵکوو ئەو راپرسیانەی کراون گشتی ئەوە نیشان دەدەن کە بیرورای ئەمریکا بە شێوەیەکی بەربڵاو خوازیاری گەراندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقن. بە پێی راپرسییەک کە PPP Polling کردوویەتی نیشان دەدات کە ٦٤ لە سەدی خەڵکی ئەمریکا خوازیاری کشانەوەی گشت هێزەکانی ئەمریکان و تەنیا ٢٨ لە سەدی دژی ئەم هەنگاوەن.
دیارە بە پێی هەمان هەڵسەنگاندن رادەی خوازیارانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە نێو دێموکراتەکان ٨٨ لە سەدە و لە نێو کۆماریخوازەکان تەنیا ٢٧ لە سەدەی خوازیاری ئەم کشانەوەن. بۆ ئوبامەیەک کە چارەنووسی خوولی دووهەمی سەرۆککۆمارییەکەی بەستراوەتەوە بە دەنگدەرانی دێموکرات هەنگاوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری هەنگاوێکی ژیرانە و ستراتیژیانە بوو کە شانسی ناوبراو بە دووبارە مانەوە لە کۆشکی سپی چەند قات زیاتر دەکات.

جێگۆڕکیی هێز
کارتی دووبارە هەڵبژێرانەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری هاندەری سەرەکی لەم هەڵوێستەی ئوباما و دێموکراتەکاندا بوو بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەڵام بۆ ئەوەی ئیدارەی ئوباما بیسەڵمێنێ کە تیمەکەی سوورە لە سەر دژایەتی لە گەڵ تێرۆر و تێرۆریزم و هەروەها پابەندە بە ستراتیژی درێژخایەنی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڕەرووبوونەوە لە گەڵ ولاتانی سەڕەڕۆ و داکۆکی کردنی لە بەرژوەندی ئابووری ئەمریکا و هاوکات پارازتنی بەرژوەندی و ئەمنیەتی ولاتانی هاوپەیمانی ناوچە پێویستی بە جێگۆرگی هێز هەبوو کە لە چەند قۆناغدا بەڕێوە چووە و دەچێ.
قۆناغی هەوەڵ گوازتنەوەی دەیان هەزار هیزی نیزامی ئەمریکا لە عێراق و جێگیرکردنیان لە ئەفغانستان. ئێستاشی لە گەڵ بێ خەڵکی ئەمریکا بە گشتی لە گەڵ هێڕشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان بۆ لابردنی تەڵیبان و دەرکردنی ئەلقاعیدە لەم وڵاتە بوون و پێوەندی راستەوخۆ لە بەینی شەر لە گەڵ تێرۆر و هێرش بۆ سەر ئەفغانستان هەبوو و بیروڕای گشتی ئەمریکا خوازیاری مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستانن. ئیدارەی ئوباما سەڵماندی کە بە گوازتنەوەی هێزی زیاتر بۆ ئەفغانستان – ئەو ئامانجە بەلارێداچووی کە لە شەڕی عێراق دەردەکەوت – شەر لە گەڵ تیرۆریزمی کردە رێبازی سەرەکی خۆی و کوشتنی ئوساما بن لادەن زیاتر قورسایی خستە سەر ئەم جێگورکییە و ئەم سیاسەتە نوێیە. مەبەستی سەرەکی هێرش بۆ سەر ئەفغانستان کە گرتنی بن لادەن “زیندوو یان مردوو” بوو پاش دەستپێکردنی شەڕی عێراق گرینگی ئەوتۆی نەما، بەڵام ئوباما بە قوازتنەوەی ئەم پێداویستیە شانبەشانی کشانەوەی هێز لە عێراق بەڵێنی ئۆپراسیونی ئەفغانستانی و گرتن یان کوشتنی بن لادەنی کردە مەبەستی سەرەکی ئیدارەکەی و سەڵماندی کە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەستی ئەمریکا بۆ بەرنگاربوونەوە لە گەڵ شەڕی تر و مەترسی تر ئاوەڵە تر دەکات.
هەر لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا بوو کە لە قۆناغی دووهەمی ئەم بەرنامەیەدا و رێک پاش بڕیاری کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەمریکا خەریکی پێکهاتن لە گەڵ هاوپەیمانانی کەنداوێتی کە هێزی زیاتر لە کەنداو جێگیر بکات کە سەیتەرەی زیاتری بە سەر دۆخی نائارامی ناوچەکەدا هەبێت.
بە پێی هەواڵی رۆژنامەی نیویورک تایمز کاربەدەستانی ئەمریکا خەریکن لە گەڵ ئەو ولاتانەی کە هێزەیان لێ جێگرە وەکوو کووەیت، هەوڵ بدەن لە سەر ئەگەری جێگیرکردنی هێزو کەرەسەی زیاتر پێک بێن و دانوستانەکان لەمبارەوە بە ئاکامیش گەیشتوون. هەروەها دانوستانەکان لە گەڵ سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو پێکهاتوو لە عەرەبستان، قەتەر، کویت، بەهرەین، عومان و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ئارادایە کە تەیاتر بەڕەرووی مەترسییە سەرهەڵنێەرەکانی تری ناوچە لە لایەن وڵاتانی تری دژبەر وەک ئێران ببنەوە.

فاکتۆڕی ئێران
فرە شارەزای ناوچە رایان وایە کە یەکێک لە ئامانجەکانی شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆدانی جوغرافیای ئێران وەک دژبەر و لە راستیدا رژێمی حاکم بە سەر ئێراندا ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشانە بوو. سیاسەتڤانانی ئەمریکا لەو بروایەدا بوون کە بە ئاخندنی کەلێن و قوجبنی ئێران لە هێزەکانی ئەمریکا هیز و توانایی ئێران زیاتر کۆنترۆڵ دەکرێ و لە ئاکامدا ئێران بە چۆک دادێنن و لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئەم ولاتە ئاسانتر دەتوانن لە گەڵی بەرەڕوو ببنەوە. بەڵام لایەنێکی گرینگی ئەم سیاسەتە کە بەو شێوەیە بیری لێوەنەکرابوو لە بەردەست نانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئێران بوو. رژێمی زاڵ بە سەر ئێراندا کە باش لەم سیاسەتە تێگەیشتبوو هەموو هەوڵ و تەقەڵای خۆی دا کە ئەمریکا لە قۆناغی یەکەمدا بێڵێتەوە، بەو واتایە کە شەڕی عێراق و ئەفغانستان تا بۆی بکرێ درێژتر بکاتەوە و هێزەکانی ئەمریکا و خەڵکی ئەمریکا لەم شەڕانە و شەری تر بێزارو ماندوو بکات.
ئەوەشمان نابێ لەبیر بچێ کە ئەمریکا یارمەتییەکی گەورەی بە وەلانانی دوو دوژمنی سەرەکی ئێران واتە سەدام و تالەبان کرد کە ئێران بە سینگی فرەوانەوە – هاوکات بە ئیحتیات و نیگەرانییەوە – پێشوازی لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق کرد و هاوکات رێگای بۆ رژێمی ئێران خۆش کرد کە کار بۆ هێنانە ئارای لایەنەکانی نزیک بە خۆی لە دەسەڵاتدا، لە هەر دوو ولاتدا، بکات و دۆخی سیاسی ئێستای ئەم دوو وڵاتە بە باشێ ئەمە دەسەڵمێنێ.
مەترسی دەستراگەیشتنی رژێمی ئێران بە چەکی ناوەکی و کوتنی هەرچی زیاتری دوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستان بۆ ژێر رکێفی ئێران و دوورکەوتنەوەیان لە ئەمریکا و مەترسی جیدی بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچە، ئەمریکای هێناوەتەوە سەر ئەو قەناعەتە کە دەبێ بیرێکی جیدی بۆ گرێپووچەکەی ئێران بکاتەوە. لێرەدایە کە سەقامگیرکردنی تا رادەیەک ئەمنیەت و ئارامی لە عێراق ئەم مەجاڵە بە ئەمریکا دەدات کە بە پێچەوانەی خواستی ئێران – ئەگەرچی بە رەواڵەت خوازیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکان – هێزەکانی لە جەنگەی شەر لە عێراق رزگار بکات و ئارایشێکی تازەتر لە شوێنی تر و بۆ مەبەستی تر لە هێزەکانی بخاتە رووەوە.
ئەم هێزانەی کە لە کەنداو جێگیر دەبن دەتوانن باشتر دەرگاکان لە رژێمی ئێران دابخن و شاڕەگی حەیاتی ئەم وڵاتە کە کەنداوە لە چوارچێوەی گەمارۆکاندا کۆنترۆڵی بکەن و پێش بە هەناردە کردنی نەوتی ئێران و کەلوپەلی تر بگرن و لە ئاکامدا ئەگەر کەوتە ئەو قۆناغە کە دوو لایەن تووشی تێکهەڵچوون بن ئەمریکا تەیاتر بتوانی بەرەوڕووی هێزەکانی رژێمی تاران بێتەوە.
دیارە ئەوەشمان نابێ لەبیر بچێ کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەستی دژبوونی بیروڕای خەڵکی عێراقیان – دیارە ئەویش هەر رۆڵی ئێران تێدایە و لەو هیزو لایەنانەی سەر بە ئێرانن سەرچاوە دەگرێ – بە دژی ئەمریکا زیاتر دەکرد و هێزەکانی ئەمریکا رۆژ لە گەڵ رۆژ زیاتر وەک هێزێکی داگیرکەر سەیریان دەکرا تا رزگارکەر. لە لایەکی ترەوە، قسەکانی هیلێری کلینتۆن ئەم پەیامەی بە ئێران دا کە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەم بۆشایە بۆ ئێران جێ ناهێڵێت و ئێران لەمبارەوە دەبێ خیاڵی خاو بێت.
بۆ وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا بیروڕای هەر وڵاتێک بە نیسبەت ولاتەکەیان زۆر گرینگە و ئەو پەڕی دیپلۆماسی خۆیان بەکار دەبن – بە تایبەتی ئیدارەی ئێستا – کە رادەی خۆشەویستی و ئوگری خەڵکی ئەم وڵاتانە نیسبەت بە ئەمریکا دانەبەزێ. مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نە تەنیا بۆ خەڵکی عێراق هەستی داگیرکەری رۆژ لە گەڵ رۆژ بەهێزتر دەکرد بەڵکوو کاریگەری نەرینی لە سەر بیروڕای وڵاتانی تر عەرەبی و ئیسلامی ناوچە هەبوو کە ئەمریکا، بە تایبەتی لەم سەروبەندە نائالۆزی ناوچەکەدا، حازر بە دانی نرخی گرانی نەبوو.

بەهاری عەرەبی
پرۆسەی پەرە پێدانی دێموکراسی و رۆژهەڵاتی گەورەی پرزدینت جۆرج بووش و گۆڕانی رژێم لە عێراق و تا رادەیەک گوشار بۆ سەر لیبی و هێندێک وڵاتی تر چەند کاریگەری و پێوەندی بە دۆخی ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا هەیە دەبێ بسپێردرێ بە مێژوو و ئێستا قەزاوەت کردن لە سەر ئەم پێوەدنییە لەوانەیە زوو بێت. گەلۆ بە بێ گرتنە پێشی سیاسەتی پشتیوانی لە دێموکراسی لە ناوچەکەدا، کە لە سەردەمی بووشی دووهەمدا گەیشتە ترۆپکی خۆیی، ئەمرۆ خەڵکی ناوچە ئێرانیشی لە گەڵ بێ، بەم شیکلە داوای ماف و ئازادییەکانی خۆیان دەکرد، ئەمەش ولامێکی چەتوونە، بەڵام ئەوەی ئێستا گرینگە و دەکرێ لەسەری حیساب بکرێ ئەوەیە کە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچە بە بێ ئەوەی تەقەی تفەنگی ولاتانی دەرەکی، بە تایبەتی ئەمریکا، بێتە دەر رژێمیان گۆڕا و ئەوانی تریش وەک رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە لووتکەی رووخان دانە و ئەو شاڵاوەی گۆڕان لەوانەیە هەر درێژەی بێت و وڵاتانی تریش بگرێتەوە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەگوێ کردنی ئەمریکا بۆ هێندێک برێار و قسەی گەورە ولاتی عەرەبی وای کردووە کە هێزی نەرمی ئەمریکا لە بەرەپێشبردنی سیاسەتی ستراتیژی رۆژهەڵاتی گەورەی ئەمریکا و پرۆسەی بەدیموکراسی کردنی ناوچەکە و پارازتنی بەرژوەندی درێژخایەنی ئەمریکا هەنووکە کاریگەری زیاتری هەبێ لە هێڕش و هیزی نیزامی راستەوخۆ، بەڵام ئەزموونی رزگاری خەڵکی لیبی لە چەنگ دیکتاتۆریەت ئەو دەسەڵمێنێ کە تەنیا سەرهەڵدانی خەڵکی وڵاتێک بۆ لابردنی سەرڕەڕۆیی کافی نەبێت و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئارایش و خۆئامدەکردن لە شوێنی تر راست خۆئامادە کردن بۆ ئەم ئەگەرانەن لە شوێنەکانی تر.

Facebook Comments

comments

« »
Add Comment Register



Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

Connect with Facebook

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>